ئاڵەکۆک

سابیری add_a_photo
سابیری دیوانی سابیری
١٢٥. بە شامی زولف و ئەبرۆی ھیلالی
بە شامی زولف و ئەبرۆی ھیلالی
دیارە سوبحەکەی جەژنی ویسالی
لە کن دەرکەوتنی باغی جەماڵی
دڵی من بولبولی ماھی جەماڵی
بە ڕوویی ئافتاب و لێوی ئاڵی
سەنای زولفی بکەم یا وەسفی خاڵی
ئەگەرچی سوورەتەن دوورم بە مەعنا
لە من نەزدیکە سوڵتانی خەیاڵی
خودایە کەس نەبێ تووشی غەمی من
کە خەڵکی پێی بڵێن کافر بە حاڵی
بە شەو تا ڕۆژ ھەر گریانە پیشەم
نەھاتی و پێم بڵێی بۆچی ئەناڵی
ئەگەر خۆی بمکوژێ پێم خۆشە ئەمما
ڕەقیبیش بۆ نەھاتیم ھاتە پاڵی
بە دەستی خۆی خوێنیشم بڕێژێ
ئەڵێم وەک شیری بەر دایک حەڵاڵی
نەمامی قامەتی غایەت بڵندە
دەسم ناگاتە سێو و پڕتەقاڵی
خودایە تۆ دەمی سابیر شیرین کە
ھەموو عومرم بەزایع چوو بە تاڵی

پەراوێز edit