ئاڵەکۆک

سابیری add_a_photo
سابیری دیوانی سابیری
١٢٤. ئەی دڵ ئەگەر بەڕاستی ئیتاعەی خودا ئەکەی
ئەی دڵ ئەگەر بەڕاستی ئیتاعەی خودا ئەکەی
موتابەعەی شەریعەتی حەزرەتی موستەفا ئەکەی
فەڕزی خوا و سوننەتی حەزرەتی موستەفا بکە
تەسەووری لە داستانی ئادەم و حەوا ئەکەی
ئەگەر ئاگر ئەھاوییە دڵ و ئەبیتە ھاوییە
و ما ادراك ماهيه بە دەست و پێ سەما ئەکەی
شەو بە کلیلی زیکرەوە تا بە سەحەر بپاڕەوە
گەر تەڵەبی خەزائینی مەراحیمی خودا ئەکەی
سەماوەری دەروونی خۆت بە ناری عەشق بھێنە جۆش
شەککەر و چایی حازرە سابیری مەیلی چا ئەکەی
نییەت و حوسنی کردەوە فیکری نیھان و زیکری سڕ
وەرنە خودا بە تەپڵ و دەف ناخەڵەتێ ڕییا دەکەی
یادی خودا ئەگەر ببی مەیلی گوناھ کەی ئەکەی
دووری لە ئافات و بەڵا، خەڵق و خودا ڕەزا ئەکەی
فیکری خودا دەلیلی تۆ زیکری زوبان کلیلی تۆ
ڕوو بکە بابی مەرحەمەت تا ھونەرێ پەیا ئەکەی
ژەنگ و غوباری قەلب و ڕوو، چڵکی لیباس و دەست و پا
بشۆ! بشۆ گەر ھەوەسی مەجلیسی پادشا دەکەی
ئەگەر شەوێ تەفەڕڕوجێ بکەی لە سونعی کردگار
عەزیزی من لە گورگی خەو میسالی مەڕ ھەڕا ئەکەی
خودا نەزەر لە حوسنی نییەت و دڵی بەشەر ئەکا
چاکە نیشانی خەڵک ئەدەی خەراپە ژیر پا ئەکەی
خەشیەت و خەوفی زولجەلال عەشق و حوبی موستەفا
تا نەچەقێ لە سینە کەی موخالەفەی ھەوا ئەکەی
تێبگە عز من قنع لادە لە ذل من طمع
حاسڵ ئەکەی ڕەزایی حەق، حەق لە بەتاڵ جودا ئەکەی
عەشقت ئەگەر حەقیقەتە مەناڵە گەر شەقیقەتە
وەرنە مەجاز و بیدعەتە سابیری ھووی و ھا ئەکەی

پەراوێز edit