ئاڵەکۆک

سابیری add_a_photo
سابیری دیوانی سابیری
١٢٢. ئەی بە سوورەت نووربەخشی ئافتاب و کەوکەبی
ئەی بە سوورەت نووربەخشی ئافتاب و کەوکەبی
وەی بە لێوانی مەسیح ئاسا شیفابەخشی تەبی
چاوەکانت مەستی نازە یا لە خەو ھەڵساوە یا
مەستی مەی یا خوێن ڕژانی عاشقانە مەتڵەبی؟
حەیدەری چاوت بە زولفەققاری ئەبرۆ ئەی سەنەم
خەیبەری دڵمی لەبن ھێناوە شار و مەکتەبی
تا بە موغناتیسی چاوت ئاسنی دڵ جەزب ئەکەی
ڕۆحی عالەم پەڕڕەکایە تۆ میسالی کەھرەبی
کاشکی من نام و نیشانی تۆم ئەزانی ماھڕوو
تۆ کە شازادەی عەجەم یا کورد و ڕووم و عارەبی
خۆ بە ڕووترشی لە تۆ دوور ناکەوم ئەی خووبڕوو
وەک مەگەس سەدجار دەرمکەی دێمەوە شیرین لەبی
بێ بەڵا بی سەرفی سرکەی ڕووت ئەکەی بۆ ئاشنا
ڕووبەڕووی بێگانە وەک ئەسکەنجەبین خۆش مەشرەبی
تا ھەناسەم عەرز و حاڵی دڵ نەباتە بەر دەمی
کەی عیلاجی زوعفی قەلبی من ئەکا غونچەی لەبی؟
بۆ گرووھی عاشقان نابێ لەمەولا ڕاحەتی
تا بە دوو جەللادەوە تۆ حاکمی ئەم شارە بی
سابیری ئازا سەری تەسلیم لە بەر پێی دابنێ
تا لە سایەی یارەوە ڕۆژێ بە ساحیب بەھرە بی

پەراوێز edit