ئاڵەکۆک

سابیری add_a_photo
سابیری دیوانی سابیری
١٢١. ئەگەر عاشق دڵی زاماری تیری چاوی دولبەر بێ
ئەگەر عاشق دڵی زاماری تیری چاوی دولبەر بێ
ئەبێ جۆشی دڵ و سینەی ھەمیشە وەک سەماوەر بێ
برین و عیللەتی دووری بە نووسین ئینتیھای نایە
مەلائیک کاتیب و دەریا مەرەکەب، چەرخ دەفتەر بێ
بە ئاوی کەوسەر و زەمزەم شەرارەی سینە نابێ کەم
بە ئەحواڵم وراءالظهرەکەی مەیدانی مەحشەر بێ
وەرە تۆ تەرکی لەززەت کە، قەبووڵی فەقر و زیللەت کە
تەماشای نوور و عیززەت کە، جیھانت بۆ موسەخخەر بێ
سەبا بۆنی غوباری باغی ڕووی و خاکی پێی ھێنا
ئەبێ چاوم مونەووەر بێ، دەماغی دڵ موعەتتەر بێ
بزانی لەززەتی تەرکی لەزائیز، لەززەتی دونیا
قەبووڵ ناکەی ئەگەرچی ڕووی زەوی ھەنگوین و شەککەر بێ
کەسێ دەروێش و قانیع بێ دڵی پڕ فیکری سانیع بێ
چ دەربەستە بەرەو لێفەی زەمین و چەرخی ئەخزەر بێ
بە جەھدە تەرکی نەفسانی بەدەس نایە بە ئاسانی
بە تەئیداتی ڕەببانی مەگەر سابیر موزەففەر بێ
وتم تاکەی بە چاوی سوورەوە ھەر ئینتیزارت بم
وتی شیوەن کە تا ڕۆژێ لە کونجی سینە جان دەربێ
برادەر تەرکی نەفسانی بەدەس نایە بە ئاسانی
مەگەر زیکری دەم و دڵ سابیری ئەڵڵاھوئەکبەر بێ

پەراوێز edit