ئەلا ئەی پیری ئاخرشەڕ ڕەئیسی قەوم و سەرخێڵی
ھەتاکەی غافڵ و مەستی لەسەر تەخت و قەراوێڵی؟
شەوی گەنجی نەما ھەڵسە لە خەو، سەیری کە ئاوێنە
ئەڵێ: ئەی پیری نازیرەک ھەتا کەی خوویی جاھێڵی؟
ئەجەل ئامادەیە بۆ تەخت و تاراجت، چ عەقڵێکە؟
خەریکی گردوکۆی ماڵی، سبەی بۆ خەڵکی جێ دێڵی
لەلات وایە بە شاڕێدا ئەڕۆی و ڕووت لە مەقسوودە
وەڵی ڕێگەی دزانە، ناگەیە مەقسوودی خۆت، وێڵی!
تەماشا کە لە پانی ئەرز و تەنگی چاوی دونیادار
چ چاوبرسین بە جووتیار ئەمر ئەکەن بۆ ڕێگە ناکێڵی؟
زەمینی بێ نیزاع و منبت و ئەعلا ئەگەر مابێ
سەری گۆنایە ئاوی ئەشکی چاوە جەرگە ئەستێڵی
کە زاریع مەردوم و بێڵی موژەی فرمێسکی ئاوی بێ
لە ئەرزی ڕوو ئیرەم پەیدا ئەکەی گەر بێ فڕوفێڵی
ھەتا ماوی عیلاجی ڕێگەیی تووشەی قیامەت کە
چ لازم ماڵ و موڵکت بۆ کوڕی ئەحمەق بەجێ بێڵێ
شەوی پیری وتی سابیر جەوانیی بێوەفا ڕۆیی
وتم تۆش ئاخری عومرم ئەبێ ڕۆژێ بەجێم بێڵی