شاعیر: سابیری کتێب: دیوانی سابیری سەرناو: ئەلا ئەی پیری ئاخرشەڕ ڕەئیسی قەوم و سەرخێڵی ئەلا ئەی پیری ئاخرشەڕ ڕەئیسی قەوم و سەرخێڵی ھەتاکەی غافڵ و مەستی لەسەر تەخت و قەراوێڵی؟ شەوی گەنجی نەما ھەڵسە لە خەو، سەیری کە ئاوێنە ئەڵێ: ئەی پیری نازیرەک ھەتا کەی خوویی جاھێڵی؟ ئەجەل ئامادەیە بۆ تەخت و تاراجت، چ عەقڵێکە؟ خەریکی گردوکۆی ماڵی، سبەی بۆ خەڵکی جێ دێڵی لەلات وایە بە شاڕێدا ئەڕۆی و ڕووت لە مەقسوودە وەڵی ڕێگەی دزانە، ناگەیە مەقسوودی خۆت، وێڵی! تەماشا کە لە پانی ئەرز و تەنگی چاوی دونیادار چ چاوبرسین بە جووتیار ئەمر ئەکەن بۆ ڕێگە ناکێڵی؟ زەمینی بێ نیزاع و منبت و ئەعلا ئەگەر مابێ سەری گۆنایە ئاوی ئەشکی چاوە جەرگە ئەستێڵی کە زاریع مەردوم و بێڵی موژەی فرمێسکی ئاوی بێ لە ئەرزی ڕوو ئیرەم پەیدا ئەکەی گەر بێ فڕوفێڵی ھەتا ماوی عیلاجی ڕێگەیی تووشەی قیامەت کە چ لازم ماڵ و موڵکت بۆ کوڕی ئەحمەق بەجێ بێڵێ شەوی پیری وتی سابیر جەوانیی بێوەفا ڕۆیی وتم تۆش ئاخری عومرم ئەبێ ڕۆژێ بەجێم بێڵی ++++++++++++++++++++++