نەسیمی سوبحدەم موژدەی بەھاری حوسنی یاری دا
نیشانەی جەژنی نەورۆزی، لە شاری دڵ دیاری دا
کە داخڵ بوو بە شاری دڵ سوپاھی حاکمی عادڵ
دز و جەردەی غەم و غوسسە لە ترسی ڕوحی غاری دا
بیحەمدیللا سەفینەی دڵ لە گێژاوی بەڵا دەرچوو
ئیتر ئاسوودەیە بێ غەم، لە بەحری لوتفی باریدا
نەما ئاساری غەیری حەق، لە نێو شاری دڵم موتڵەق
کە ھەرکەس لێم قەبووڵ ناکا خودا تەوفیق و یاری دا
نەما دەرد و غەم و میحنەت، لەمەولا شادییە و عوشرەت
لە نێو بازاڕ و شاری دڵ موبەششیر ھات و جاڕی دا
وەرە سابیر دڵ و جانت نیساری پایی دولبەر کە
نەوا بمری بڵێن ئەو شێتە نەیزانی خەساری دا!