موسوڵمانان لە ڕێگەی شەرع و دین دووری و بەری تاکەی؟
حەیا و شەرمێ بکەن دووریی خودا و پێغەمبەری تاکەی؟
لە شاری عوشرەتا مەستی لە بازاڕی تەمەع چوستی
لە خانەی تاعەتا سستی میسالی سەرسەری تاکەی؟
بەزاھیر ڕەنگی ئەییوبی بە باتین جەنگ و ئاشووبی
بە سوورەت حەزرەتی مووسا بە سەنعەت سامیڕی تاکەی؟
دەمت تەسبیح و تەھلیلە دڵت بازاڕ و ئۆتیلە
تەریقی لای محەممەد بی بە عیسا موشتەری تاکەی؟
بە ڕۆژ تەسبیح و سەججادە بە شەو تەدبیری سەر جادە
خەجاڵەت بی نەجیبزادە، لە ئیرسی ئەب بەری تاکەی؟
لە بێھۆشی و سەرگەرمی، لە مەغرووری و بێشەرمی
لە دونیا و قیامەت بێ خەبەر ئاخر شەڕی تاکەی؟
بە دەم سۆفی بە دڵ عاسی تەریقی عامی و خاسی
لە چۆڵی غەفڵەتا کاسی، کەر و گا پەروەری تاکەی؟
لە تەعلیمی سواریدا جەوان و چاپکی ئەمما
لغاوی ئەسپی نەفست کە بڵێ تەنپەروەری تاکەی؟
بە ڕۆژ مەردی خوداناسی بە شەو جەردەی دز و عاسی
وەرە تا باوەڕ و کاسی، ڕەوشتی کافری تاکەی؟
کوڕی نەفست لە شیری دایکی دونیا ببڕەوە سابیر
لە میوە و مەوھیباتی ڕەحمەتی ڕەحمان بەری تاکەی؟