شاعیر: سابیری کتێب: دیوانی سابیری سەرناو: موسوڵمانان لە ڕێگەی شەرع و دین دووری و بەری تاکەی موسوڵمانان لە ڕێگەی شەرع و دین دووری و بەری تاکەی؟ حەیا و شەرمێ بکەن دووریی خودا و پێغەمبەری تاکەی؟ لە شاری عوشرەتا مەستی لە بازاڕی تەمەع چوستی لە خانەی تاعەتا سستی میسالی سەرسەری تاکەی؟ بەزاھیر ڕەنگی ئەییوبی بە باتین جەنگ و ئاشووبی بە سوورەت حەزرەتی مووسا بە سەنعەت سامیڕی تاکەی؟ دەمت تەسبیح و تەھلیلە دڵت بازاڕ و ئۆتیلە تەریقی لای محەممەد بی بە عیسا موشتەری تاکەی؟ بە ڕۆژ تەسبیح و سەججادە بە شەو تەدبیری سەر جادە خەجاڵەت بی نەجیبزادە، لە ئیرسی ئەب بەری تاکەی؟ لە بێھۆشی و سەرگەرمی، لە مەغرووری و بێشەرمی لە دونیا و قیامەت بێ خەبەر ئاخر شەڕی تاکەی؟ بە دەم سۆفی بە دڵ عاسی تەریقی عامی و خاسی لە چۆڵی غەفڵەتا کاسی، کەر و گا پەروەری تاکەی؟ لە تەعلیمی سواریدا جەوان و چاپکی ئەمما لغاوی ئەسپی نەفست کە بڵێ تەنپەروەری تاکەی؟ بە ڕۆژ مەردی خوداناسی بە شەو جەردەی دز و عاسی وەرە تا باوەڕ و کاسی، ڕەوشتی کافری تاکەی؟ کوڕی نەفست لە شیری دایکی دونیا ببڕەوە سابیر لە میوە و مەوھیباتی ڕەحمەتی ڕەحمان بەری تاکەی؟ ++++++++++++++++++++++