ئاڵەکۆک

سابیری add_a_photo
سابیری دیوانی سابیری
١٠٨. بە خۆری ڕوومەتی چاوی گەلاوێژ
بە خۆری ڕوومەتی چاوی گەلاوێژ
بەجارێ عالەمی گێڕا بە شەوگێژ
بە مانگی ڕوومەت و چاوی گەلاوێژ
موسوڵمانان عیلاجێ بوومە شەوگێژ
ھەموو عالەم ئەسیر و زامدارن
بە داوی زولف و تیری چاوی خوێنڕێژ
ئەوا کردم لە داوی زولفی دەرچووم
بۆ کوێ ڕاکەم لە ترسی چاوی خوێنڕێژ
نەھاتی دەفعەیێ دەردم دەواکەی
وەسییەت بێ وەرە قەبران و بمنێژ
لە ترم و تار و تیرت تێر نەبوومە
بە کاوی دڵ بە چاوی تۆ بھاوێژ
بە غەمزەی چاوی دڵ تەسکینی نایێ
وەکوو بیستووتە بۆتە بەرخی لامێژ
خودا بەختی بڵیندی دا بە ئێوە
بە ئێمە دەستی کورت و تالیعی لێژ
نەھاتیتە سەر ئەم ناساغە جارێ
کە مردم بێرە سەر گۆڕەکەم بمنێژ
مەپرسە سابیری چۆنە لە دووریت
پەرێشانە بە وێنەی ئادەمی گێژ

پەراوێز edit