ئاڵەکۆک

سابیری add_a_photo
سابیری دیوانی سابیری
١٠٢. کە ڕۆژێ شەرع و دینم دی ئەگریان
کە ڕۆژێ شەرع و دینم دی ئەگریان
بە ھەردوو دەستە بەربووبوونە سەریان
لە تەئسیراتی شین و باوەکەڕۆیان
برینی قەلب و ئازاری جگەریان
وتم چیتان بەسەر ھات ئەی عەزیزان
نەمابوو قووەتی سەمع و بەسەریان
خولاسە تێگەیشتم ماجەرایان
بەجارێ قەلب و جەرگم بوونە بریان
کە وتیان ماتەمی شێخ و مەلایە
ھەتیو ماوین و بێ خاوەن وە عوریان
ئەوانە کۆڵەکە و فانووسی دین بوون
لە دونیادا نەما شوێن و ئەسەریان
عوموومەن مونکیری سادات و دەروێش
خسووسەن جێنشینی پێغەمبەریان
وتم فەرموو شەوێ میوانی من بن
دەسم ھاویشتە سەر ئەستۆ و سەریان
ڕجام لێ کردن و سوودی نەبەخشی
منیش بوومە شەریکی دەردی سەریان
قەسەمیان خوارد کە ناچینە وڵاتێ
نەزانن شەرع و دین و پێغەمبەریان
پەنا بە خوا لە شەڕڕی پیاوی ئەحمەق
دیارە باتین و زاھیر زەرەریان
بخوێنن ئایەتەلکورسی مونەووەر
لەسەر کورسی دەکەن قانوون لەبەریان
وەرە سابیر مەبە وێڵداشی جاھیل
موبەڕڕابە لە ئەخلاق و سەقەریان

پەراوێز edit