شاعیر: سابیری کتێب: دیوانی سابیری سەرناو: کە ڕۆژێ شەرع و دینم دی ئەگریان کە ڕۆژێ شەرع و دینم دی ئەگریان بە ھەردوو دەستە بەربووبوونە سەریان لە تەئسیراتی شین و باوەکەڕۆیان برینی قەلب و ئازاری جگەریان وتم چیتان بەسەر ھات ئەی عەزیزان نەمابوو قووەتی سەمع و بەسەریان خولاسە تێگەیشتم ماجەرایان بەجارێ قەلب و جەرگم بوونە بریان کە وتیان ماتەمی شێخ و مەلایە ھەتیو ماوین و بێ خاوەن وە عوریان ئەوانە کۆڵەکە و فانووسی دین بوون لە دونیادا نەما شوێن و ئەسەریان عوموومەن مونکیری سادات و دەروێش خسووسەن جێنشینی پێغەمبەریان وتم فەرموو شەوێ میوانی من بن دەسم ھاویشتە سەر ئەستۆ و سەریان ڕجام لێ کردن و سوودی نەبەخشی منیش بوومە شەریکی دەردی سەریان قەسەمیان خوارد کە ناچینە وڵاتێ نەزانن شەرع و دین و پێغەمبەریان پەنا بە خوا لە شەڕڕی پیاوی ئەحمەق دیارە باتین و زاھیر زەرەریان بخوێنن ئایەتەلکورسی مونەووەر لەسەر کورسی دەکەن قانوون لەبەریان وەرە سابیر مەبە وێڵداشی جاھیل موبەڕڕابە لە ئەخلاق و سەقەریان ++++++++++++++++++++++