ئاڵەکۆک

حافزی مەهابادی add_a_photo
حافز دیاری مەهاباد
٩٦. دەرمانی برین
بۆ دەوای کۆنە برینم، مەیی کۆنم گەرەکە
کاسەیەک پڕ لە مەیی میسیۆ لیئۆنم گەرەکە

گوڵی بێ بۆن و بەرام دیمەنی بێ نرخە لە لام
من گوڵی ئاڵی عەتردار و بە بۆنم گەرەکە

من بزەی لێو و قسەی خۆشە دەبزوێنی نەشەم
کەی مڕومۆچ و خوڵق ناحەز و مۆنم گەرەکە

نانی ویشکی قەوەتی مشکە، هەتا بۆم دەلوێ
پشتەمەغزەی قەڵە وو چێشتی بە ڕۆنم گەرەکە

قەت بە کیلۆ و سییە تێر نابێ زگی خۆم و مناڵ
دەس بدا میوە بە خەروار و بە تۆنم گەرەکە

یارەکەم زیز بووە، لێم دوورە، بڵێی ئاشتی وەبێ؟
گوێم لە دەنگی نییە، شێت بووم، تەلەفۆنم گەرەکە

دڵ بە سەد هاوەڵی بێ مێشک و نەزان ناسرەوێ
هاودەمێکی وەکوو تۆماس ئەدیسۆنم گەرەکە

بۆ ئەوەی تێر و تەسەل کەم زگی [وەک تێڕم] برا١
سەروەتی ڕاکفیلێر و لۆرد کەریتۆنم گەرەکە

دەمەوێ ڕازی دەروونم بە خەڵک ڕاگەیەنم
دوو بڵیندگۆی مەزن و مایکڕۆفۆنم گەرەکە

کۆت و شاڵواری ئوڕووپایی ئیتر ناکەمە بەر
ڕانک و چۆغەی مەرەز و دەسکری خۆنم گەرەکە

لە تەماشای شەق و تۆپ‌بازیی ئولەمپیک وڕەزم
حۆقە حۆقی کەڵ و گامێش و شەقۆنم گەرەکە

هەرکەسێ دۆستی گەلی کوردە، بە دڵ خۆشم ئەوێ
ئەو کەسەی میللەتەکەم نایەوێ، چۆنم گەرەکە؟

ترس و باکم نییە، ویستی گەلەکەم دەردەبڕم
خەڵکە لێم کۆوە بن، ئەمما تریبۆنم گەرەکە

من لە ڕۆژنامەوە ئەخباری سەحیح نایەتە گوێم
ڕادیۆش لوتفی نییە، تەلفیزیۆنم گەرەکە

شارەکەم لایەکی ڕووخاوە بە چی چاکی وەکەم؟ ٢
ئەهەک و ئاسن و سیمان و بێتۆنم گەرەکە

'حافز'م، نیمە بە ماکینە وەشۆرم جل و بەڕگ
ڕەقەسابوونی مەراغە و ئەسپۆنم گەرەکە

خواردنم کەم بووە، چەن حەفتەیە گیراوە مەدەم
پیپسی سارد و سوێن‌ئاپ و سیفۆنم گەرەکە

١. لە دیاری مەهاباددا ئاوا نووسراوە: (بۆ ئەوەی تێر و تەسەل کەم زگی داماو و هەژار)
٢. لە شوێنێکی دیکەدا ئاوا دەڵێ: (ماڵەکەم دووبەشی کاول بوو، بە چی چاکی وەکەم)
بەهاری ١٣٥٩
مه‌لا غه‌فوری حافزی مه‌هابادی، دیاری مەهاباد، چاپی سێوەم، لاپەڕە ١٢٣ـ١٢٥.
مەلا غەفووری دەباغی، ئاسۆی ڕوون، چاپی یەکەم ١٣٩٤ ک. هـ، لاپەڕە ٧٦ـ٧٨.
نووسین: دیاکۆ ڕەحمانی زەنگیاوەیی

پەراوێز edit