ئاڵەکۆک

حافزی مەهابادی add_a_photo
حافز دیاری مەهاباد
٢٣. تاقە کراسێ بدڕی بە پیسی
تاقە کراسێ بدڕی بە پیسی
هەزار بە پاکی بدڕە هەر پیسی

گەر بە درۆزن نێوبانگت ڕۆیی
بێ نرخی لە لای بێگانە و خۆیی

بەو کەسە دەکرێ بڕوا و متمانە
پابەندی وەفا و عەهد و پەیمانە

کەسێ ڕاست نەبێ قەول و بریاری
بیخاتە پشت گوێ شەرت و قەراری؛

گەورەش بێ لە ناو کۆمەڵ بچووکە
وەک پووڵی قەڵب سووک و چرووکە

سوور نەبی لە سەر وەعدە و بەڵێنی
گەنجی دونیات بێ پووشێک ناهێنی

بێ دابنیشین تاوێک دوو بە دوو
بێژنگێک دانێین لە بەینی هەر دوو

دەروانێتە یەک لە ڕووی تێبینی
ئەوتۆت دەبینم کە تۆ دەمبینی

من چەندە بۆ تۆ دەکەم دیاری
تۆش هەر ئەوەندە لەمنەوە دیاری
نووسین و ئامادەکردن: کەماڵ ڕەحمانی
دیاری مەهاباد، چاپی سێیەم، ساڵی١٣٨٦، لاپەڕە ٤٩.

پەراوێز edit