ئاڵەکۆک

لوتفی add_a_photo
لوتفی دیوانی لوتفی
٩٩. فەلەک دەردەکەم بۆ وا گرانە
فەلەک دەردەکەم بۆ وا گرانە
بۆ ھەر بەشی من شین و گریانە
فەلەک توو بۆ چی لێم کەوتیە سەر قار
خواردنت لە دەم کردمە ژەھری مار
فەلەک ھەتا کەی شیوەن و گریان
ھەتا کەی مەینەت لەناو ھاوسەران
فەلەک تۆ بۆ چی وا لێت شێوانم
وەکوو باز وا بووم باڵت شکانم
فەلەک با بەس بێ خەفەت و ئازار
بۆ چی بەم جۆرە من بم گرفتار
فەلەک یاڕەبی دەردت گران بێ
حاڵت وەکوو من ھەر پەرێشان بێ
دۆستی دڵخوازت لێ کردمە دوژمن
کردت بە قوڕدا ھەزاران وەک من
شووشەی حەیاتی چەن نەوجەوانان
بەبەردی غەزەب ھەموویت شکان
ڕێت لێ ون کردم بێ دەلیل ماوم
ھەر وەکوو مەجنوون شێت و شێواوم
کەوتوومە خەیاڵ بەحرێکی بێ بن
بوومە جێی تانەی ھەزاران دوژمن
فەلەک تێناگەم تا کەی بە مەینەت
تا کەی غەم خواری لە دەرد و زیلەت
فەلەک ڕەزیلم لەناو دۆستانم
تا کەی بەم جۆرە غەم بێ میوانم
تا کەی پەشێوی حاڵی زەبوونم
تا کەی جەرگ سووتاو دڵ پڕ لە خوونم
تا کەی بارانی میحنەت بەدەوام
ئەبارێتە سەر دڵەی بێ خەتام
تا کەی ڕەھەندەی دەشت و سەحرا بم
تا کەی ئەسیری دەستی بەڵا بم
لوتفی چی ئەڵێی عەقڵت شێواوە
بەختت گیرۆدەی تەلەسم و داوە

پەراوێز edit