ئاڵەکۆک

لوتفی add_a_photo
لوتفی دیوانی لوتفی
٩٨. فکر لە کردەی خالیقی یەزدان
فکر لە کردەی خالیقی یەزدان
بکەرەوە تۆ، ھەی خانە وێران!
بزانە چی بوو ئەمساڵ لە دونیا
تەنھا یەک مانگی تەئخیر بوو باران
گیان لەبەر بێ خوێن تاقەتی بڕا
دڵ عالەم بای خوارد وەکوو ژێی کەوان
میللەت دڵ تەنگ بوو شێوا بە جارێ
ھەموو ئەسووڕان چاو پڕ لە گریان
زەوی وشک بوو درەخت و گیا
بۆنی خوێن ئەھات لە ئەرز و ئاسمان
لە تاو برسێتی ھەموو حەیوانات
سیس و لاواز بوون مردن لە برسان
گوناھ خۆمانە ھەموو دووچارین
تەئسیری کردووە لە گشت بەستەزمان
لە بەحری کەرەم خودایی کەریم
کراسی تازەی کردە بەر جیھان
بارانی ڕەحمەت لە ھەر چوار کنار
ھێنای بە جارێ بەسەریا ڕژان
کوردینە توخوا قەت غافڵ مەبن
لە شوکر و زیکری خالیقی یەزدان
ڕۆحی زی ڕوخان گشت لە خەتەر بوو
ئەوا ڕەحمی کرد پادشای مەننان
شەو و ڕۆژ بە دڵ زیکری خودا کەن
قەت تەواو نابێ نیعمەتی ڕەحمان
ھەر کەس ئەمین بێ لە مەکری خودا
مەعلوومە ھەر ئەو لە قەلبی حەیوان
لە ھەر دوو دونیا بێ بەش و ڕوو ڕەش
لە مەیدانی حەق ئەوە ماڵ وێران
نە دەس بەردار بە تۆ لە ڕەحمەتی
نە ئەمنیش بە لە کەیدی جیھان
لوتفی بناڵە بۆ خۆت بەردەوام
بەڵکوو عەفووت کا پادشای ڕەحمان

پەراوێز edit