ئاڵەکۆک

لوتفی add_a_photo
لوتفی دیوانی لوتفی
٩٧. غەمبار و دەردەدارم ڕەنگ زەرد و لێو بە بارم
غەمبار و دەردەدارم، ڕەنگ زەرد و لێو بە بارم
دێوانەی زولفی یارم، جێی لۆمەی لۆمەکارم
عاجز و دڵ بوریانم، دایم خەریک گریانم
دوور لە خۆش ژیانم، ھەمیشە شینە کارم
دەردەکەم زۆر گرانە، وێڵم لەو سەر کێوانە
ئەحواڵم پەرێشانە، خۆمیش لە خۆم بێزارم
بێزاری ئەتواری خۆم، عاشقی دوو چاوی تۆم
دائیما ھەر ڕەنجەڕۆم، بێ سەبر و بێ قەرارم
بێ سەبر و بێ سکوونم، وا لە حاڵی مەجنوونم
جەرگ و دڵ پڕلە خونم، دولبەر نایەتە دیارم
دولبەری بێوەفا بوو، بۆ من غەم و جەفا بوو
وەک داری بێ گەڵا بوو، لە ڕاست ڕاست بەختی ھەژارم
بەختێکی نەحس و چەتوون، داماوم کز و زەبوون
گیرۆدەی چەرخی گەردوون، ڕۆژ و شەو ھەر لە زارم
بەشم ھەر زار و شینە، لە دووری ئەو شرینە
دەوای زام و برینە، زۆر حەزین و بیمارم
لوتفی تاکەی حەزینی، دڵ شکەستە و برینی
بەسە خەڵوەت نشینی، وەرە سەیری گوڵزارم

پەراوێز edit