ئاڵەکۆک

لوتفی add_a_photo
لوتفی دیوانی لوتفی
٩٥. عومرێکت وا ڕابوارد مام ئەحمەدی بێ خەبەر
عومرێکت وا ڕابوارد مام ئەحمەدی بێ خەبەر
حەیاتی خۆت تەواو کرد لە خزمەتی گا و کەر
چەندی ڕەنج و جەفات دی شڕی و ڕووتی و ڕەزیلی
چەندی لە دونیای ڕۆشن بە غەم و بە دەردەسەر
چەندێکت لە دونیا دی ئەوەندی تر نابینی
لەژێر باری ڕەزاڵەت ھەتا کەی وا قوڕ بە سەر
ھیچ سێبەرێکت نەبوو نە بۆ خۆت و نە بۆ کەس
عاقیبەت وا تەواوی وەکوو داری بێ سەمەر
مێشکت چەنێ بەتاڵە بەسە تاکەی ئەم حاڵە
ئەمجارە ڕوو کە دەرگای خالیقی حەیی ئەکبەر
تۆزێ عەقڵت بێ ھەژار بەس بدە ڕەنجی ھەبا
گشتی بەجێ ئەمێنێ وەختی ھەنگامەی گوزەر
پێنج فەرزە نوێژت بکە زۆر بە شەرت و بە ئەرکان
ئاوڕ دەوە بە ڕاستی دەرھەق جیران و ھەمسەر
بۆ چی گیانت گرانە بۆ تاعەتی خوداوەند
ھەر بۆ پارەی جامێ ماست لووت ئەدەیتە بای سەحەر
گەر تەوبە نەکەی ئەمن پێت ئەڵێم ڕاست و ڕەوان
ڕۆژێ ئەبێ ئەگریێی ئەڵێی وای أينَ المَفَر
مەئیووس و بێ بەش ئەبێ لە میوەی باغی جینان
بە سەد ئاخ و واوەیلا ڕەوان ئەکرێی بۆ سەقەر
نەسیحەت بکە منداڵ ژن و خوشک و کوڕ و کچ
با ئەوانیش وەکوو تۆ ھیلاک نەبن ڕەنج خەسەر
ڕێگەی دین و عەداڵەت حەق و حەڵاڵ و حەرام
پێیان تەعلیم کە زیاد نەفعە بۆ تۆ نەک زەرەر
لوتفی ئەتۆ ئەڵێی چی سوحبەتی بە قسەت دێ
گیسکێکی پێ چاترە لە حەدیسی پێغەمبەر
لە دێی بیراڵک ناوچەی شوان لە کەرکووک کابرایەکی مام ئەحمەد ناو ئەبێت: جارێکیان نەخۆش ئەکەوێ و کوڕەکانیش بانگی مەلای ئاوایی ئەکەن بۆ ئەوەی یاسین بخوێنێ مەلاش کە دەس ئەکا بە یاسین خوێندن مام ئەحمەدیش بە کوڕەکەی ئەڵێ دوو قزناغ جۆی بدەنێ با نەیخوێنێ سەرم دێشێ لوتفیش ئەم غەزەڵەی بۆ دەنووسێ
١٩٥٦

پەراوێز edit