ئاڵەکۆک

لوتفی add_a_photo
لوتفی دیوانی لوتفی
٩٣. سەیری کە مامە حەمە شپرزە و تەنگە تاوە
سەیری کە مامە حەمە شپرزە و تەنگە تاوە
دائیم ھیلاک و بێ ھۆش بەدەس ماڵی دونیاوە
نە بەرگی لەبەردایە نە تێری نان و ئاوە
لە حەفتا ساڵ ڕەت بووە پای لە ھەشتا داناوە
وەکوو گەنجێکی تازە دوێنێ ژنی ھێناوە
سەبر و سکوونی نییە بە ڕۆژ ھەتا ئێوارە
بە شەو لە خزمەت ماڵات بە دائیما بێدارە
ھەڵپەیەکی بۆ دەشتە یەکێکی بۆ ناو شارە
لە تاو تەماعی دونیا لە دینی خۆی بێزارە
ھەر لە پێ تا تەوقی سەر غەرقە لە ناو قوڕاوە
نە خەفەت لە لای دینێ، نە خەیاڵ لە ئیمانێ
بەلای مامۆستا ناچێ ڕێگەی دینێ نازانێ
ڕوو لە زانایێ ناکا، ئەدیب بە ھیچ ئەزانێ
ھەژارێ ڕووی تێ بکا نایداتێ لوقمە نانێ
ئەم ڕوکنانە کە فەرزە ئەو بە ھیچی داناوە
گوێ لە من بگرە نەفام پێت بڵێم قسەی جوان
ڕوو بە ڕوو سەیری من کە فکری خۆت بۆم کە بەیان
قۆناغت ھەتا کوێیە بۆ کوێ ئەڕۆی بە تەکان
بن پێت ھەمووی ژاکاوە وشکە وەک داری خەزان
وەک لا دیواری کۆنە دەلاقەت لێ؛ ڕووخاوە
وەللاشەکانت ھەمووی ڕۆیشتن تۆ بەجێمای
لەسەد یەکێ نەماوە تۆیش ئەبێ بچی بۆ لای
تا کەی تۆ فکرێ ناکەی مەشغووڵی ماڵی دونیای
خەریک جەفای بێ سوود و ڕەنج و زەحمەتی ھەبای
جڵەو عەقڵت با دەوە ئەمجا بۆ لای خوداوە
تەوبە بکە بە ڕاستی بگرە ڕێگەی شەریعەت
قەزای نوێژ و زەکاتت بکە بە فەرز و سوننەت
حەج و خەیراتت بکە ھەتاکوو ماوە فرسەت
بۆ ئاخریت ھەر چاکە بۆ تۆ ئەبێ بە ڕەحمەت
لە خەو ھەڵسە، فرسەتە ئەم چەن ڕۆژەت کە ماوە
دوایی پارەت بۆ ناکا پەشیمانی و نەدامەت
ئەوەی بۆ تۆ بمێنێ ھەر داخە لەگەڵ حەسرەت
بێ بەش ئەبێ بزانە لە تەقسیمی مەرحەمەت
بەینی بەھەشت نابینی بە فەتاوی شەریعەت
لوتفی ئەتۆ ئەزانی وەھا فتوا دراوە

پەراوێز edit