ئاڵەکۆک

لوتفی add_a_photo
لوتفی دیوانی لوتفی
٩٢. سەیری بوھار چەن جوانە کاتی کەیف و سەیرانە
سەیری بوھار چەن جوانە، کاتی کەیف و سەیرانە
گوڵان لەسەر چڵانە، کانی ئاو لە جەریانە
ئاوەنگ ساف لەسەر گوڵان، بولبول وا لەسەر چڵان
بای وەعدە لەگەڵ زوڵفان، بەیەکدا دێن شەڕیانە
شەڕی ئەوان نەگبەتە، سەبەب دەرد و مەینەتە
بۆ عاشقان زەحمەتە، تاتای ئەو زوڵفانە
بە تاتای زولفی یار، بۆتە کۆتی پێی ھەژار
بۆم مایەوە خاکەسار، لەمەولا وەک دێوانە
دێوانەی دوو چاوی تۆم، نەماوە ھێز لە ئەژنۆم
با ھەر بگریێم بۆ خۆم، بەشی من ھەر گریانە
بەشی من ھەر گرینە، جەرگ و دڵم برینە
لە دووری ئەو شیرینە، وەک فەرھادی زەمانە
وەک فەرھادی بێستوون، جەرگ و ھەناو بووبە خوون
شاگردی منە مەجنوون، سەیری بەزمی دێوانە
دێوانەی باڵای یارم، من ھیچ نییە قەرارم
خۆمیش لەخۆم بێزارم، لەبەر لۆمەی بێگانە
لۆمەم ئەکەن قوم و خوێش، بوومە سەیاح و دەروێش
برینم وا ھاتە ئێش، دەردەکەم زۆر گرانە
یەکجار گرانە دەردم، شاھیدە ڕەنگی زەردم
لە جێگەی قەوم و فەردم، جارێ وەرە ئیرانە
لوتفی لێت بوو بە حەسرەت، چاو لەڕێی دڵ لە میحنەت
بەڵکوو بکا مەرحەمەت، تەشریفی بە جەژنانە

پەراوێز edit