ئاڵەکۆک

لوتفی add_a_photo
لوتفی دیوانی لوتفی
٩١. سەفەر سەفەرمە سەفەر یەکجاری
سەفەر سەفەرمە سەفەر یەکجاری
بۆ شاری خامۆش نەدی و نەدیاری
یەکجار بێزارم پەشێوە حاڵم
ڕووزەرد بە خۆمم ھەرەس بە ماڵم
دەفتەری سیام بۆ دێتە مەیدان
ئەوجا چەن خۆشە شیوەن و ناڵان
کردەوەی چاکەم کەمە لە دونیا
ئەوەیش کرابێ زۆری بۆ ڕیا
تاوەکوو بڵێن فڵان کەس باشە
تا شووشەی عومرت ئەدا بە تاشە
فریای خۆت کەوە ڕوو لە مەولا کە
داوای لێ خۆش بوون لە لای خودا کە
بەحری کەرەمی زۆر بێ پایانە
ڕەحمی ئەو لایەق گوناھکارانە
منیش گوناھبار ڕوو زەرد و زویر
چوار پەل بەستراو بە وێنەی ئەسیر
گیرۆدەی داوی پیری و ئەختیاری
خسووس چەن دەردی نەدی و نەدیاری
تازە من چی بکەم چیم دەسەڵاتە
چ جێگە ئەگرێ ئەم موناجاتە
وەختی مردنە خانەم وێرانە
باری گوناھم یەکجار گرانە
لوتفی دڵەکەت زۆر بێ قەرارە
ڕەحمی خوداوەند بۆ گوناھبارە
بۆ شاری خامۆش

پەراوێز edit