دەوران چەپۆکت دا لە ژیانم
تازەت کردەوە کۆنە زامانم
دەوران تۆ بۆ چی لێم کەوتیە سەر قار
خەوو خواردنمت کردە ژەھری مار
دەوران تۆ بۆ چی وا لێت شێوانم
بۆچ ئاگرت بەردا دڵەی بوریانم
دەوران چەن بەناز بەخێوت کردم
لە عاقیبەتدا چۆن ئابڕووت بردم
دەوران عەزیز بووم لە ناو خزم و کەس
دائیم ئەگەڕام بە شادی و ھەوەس
دات لە دەماخم ئەی چەرخی ڕۆژگار
ھەواڵەت کردم بۆ کووچەی شار
بێ شوێن و جێگە بێ ئاوو بێ نان
دڵم پڕ لە دەرد حاڵم پەرێشان
پەک کەوتەی کۆمەڵ بێ پەڕ و باڵم
یاخوا ھیچ کەسێک نەبێ بە حاڵم
برکەیێ خێزان برسی و ڕەش و ڕووت
سەر و پێ پەتی وەکوو مەلکەمووت
داوتە بە سەرما دەوران من چی بکەم
شکات ئەحواڵ خۆم بۆ لای کێ ببەم
ئەوەی ئامیرە خاوەن ئیش و کار
لە ڕاست بەختی من ئەڕوانێ بە قار
ڕەبی ڕجامە لە دەرگەی ڕەحمەت
ڕزگارم بکەی لە بەحری میحنەت
دەلیلی بە خێر ڕەوانە کەی بۆم
من عەبدی ھەژار بە ئاستانەی تۆم
لوتفی چاوەڕێ ڕەحمی خودا کە
لەمەودوا ئیتر ڕوو لە مەولا کە