ئاڵەکۆک

لوتفی add_a_photo
لوتفی دیوانی لوتفی
٨٦. دەروونم پڕ خەم ھەناسەم سوارە
دەروونم پڕ خەم ھەناسەم سوارە
دۆست و ئەحبابم لە من بێزارە
ئەژنۆم ئەلەرزێ جەرگم بڕاوە
یەک زەڕە ھێز و توانام نەماوە
ھەر کاتێ زانیت قولاب لە جەرگم
ئەکەوێتە کار بۆ حاڵی مەرگم
ئەرز و ئاسمان ئەبن بە دەستار
من لە مابەینی بۆ خۆم سەد ھاوار
کە حاڵی نەزعم ھاتە کۆتایی
سەرچاوم ئەگرێ تەواو لێڵایی
گەر لەو کاتەدا بە قسەم کا زوبان
دەنگی ھاوارم ئەگاتە ئاسمان
چوار پەلم ئەشکێ ئەکەوم بێ حاڵ
دەخیل بە دەرگات دا ناوی زولجەلال
ھیچ پارە ناکا گریان و ناڵین
ئێمە ھەموومان بۆ مردن ئەژین
بۆ خۆم بناڵم ھەی خاکم بەسەر
بێ پشت و پەنا بێ سایە و سێبەر
بە غەفڵەت ڕۆیی عومری ڕابردووم
تازە بێدارم لە کردەوەی شووم
لوتفی زاری کە ھەی خانە وێران
پێنج و دوو ڕۆژێ کە ماوە ژیان

پەراوێز edit