ئاڵەکۆک

لوتفی add_a_photo
لوتفی دیوانی لوتفی
٨٤. دەبا شیوەن کەم بۆ ڕۆژی پێشوو
دەبا شیوەن کەم بۆ ڕۆژی پێشوو
داخ و نەدامەت خۆشی لەدەس چوو
بێ باک و بێ ھۆش بە ڕۆژ و بە شەو
وەکوو حەیوانات خەریک خورد و خەو
جارێ بۆ گەڕان جارێ بۆ سەیران
ھەر دەم بە جۆرێ ڕام ئەبوارد ژیان
تەمەنی جوانی ھەر وەک بەھارە
لەبەر کەیف و زەوق وەک خەو دیارە
لە ناکاو زانیم کە چوومە ئەو سەر
سەمەی نەبوو ھەی خاکم بەسەر
تازە چوو لەدەس تەمەنی جوانی
بۆم ماوەتەوە ھەر ماڵ وێرانی
پیر و کەنەفم بێ جێ و دەربەدەر
عومرم بەسەر چوو باخم بێ سەمەر
بەرھەمم نەبوو لە داری دونیا
ڕۆژگارم چوواند بە کردەی ھەبا
دەبا ھەر شین کەم بۆ پەشیمانی
بۆ کردەوەی بەد لە دونیای فانی
ئیمڕۆ ڕۆژ بە ڕۆژ لە خۆم بێزارم
وەک داری بێ ئاو ھەر ڕوو لە خوارم
لوتفی بارەکەت یەکجار گرانە
ھەر ڕۆژێ چەن دەرد لەلات میوانە

پەراوێز edit