ئاڵەکۆک

لوتفی add_a_photo
لوتفی دیوانی لوتفی
٨٢. دیسان چ ڕۆژە لە دەورانی من
دیسان چ ڕۆژە لە دەورانی من
ئەشک بە خوڕ دێ لە چاوانی من
دیسان لەبەرچی دڵم پڕ دەردە
ئاھی دەروونم ھەناسەم سەردە
دیسان گیراوە شەش دەری نەردم
دیسان گیرۆدەی ھەزاران دەردم
دیسان چ باسە و چیم لێ قەوماوە
بەندی جەرگی من لەت لەت کراوە
دیسان لە جەورە دڵەی پڕ دەردم
بۆ ئێش و خەفەت بۆ ڕەنگی زەردم
دیسان ھەورەکەی میحنەت بەبای غەم
باری بە سەرما مەینەت و ماتەم
دیسان لێم بۆتە منداڵی شیر خۆر
ورک ئەگری لێم ڕۆژێ بە سەد جۆر
دیسان ئاوارەی دەشت و چیا بم
لە شین و زاری لە واوەیلا بم
دیسان باری غەم کەوتە سەر شانم
کولاوە ڕامی دڵەی بوریانم
دیسان زامەکەی کۆنم ھاتە سۆ
بۆ بەدی بەختم کەوتە ھات و چۆ
دیسان گیرۆدەی عەشقی لەیلا بوو
دووچاری ھەزار دەرد و بەڵا بوو
دیسان ڕووی کردە ھەردە و کۆھەسار
مات و پەشێوە لە دووری دڵدار
دیسان چاوی کەوت بە گوڵی مەھجەبین
کەوتە زایەڵە و ھاوار و ناڵین
ڕووی ڕووناکی یار کە لێی بەدەر کەوت
بڵێسەی ھەڵسا وەک ئاگر و نەوت
بە تیری ئەبرۆی دولبەری خوێن خوار
زامم ھاتە ئێش وەکوو گەستەی مار
بە داوی زولفی شیرینی زەمان
دەست و پێ و عەقڵ گشت لە کۆت دران
لوتفی باڵای یار بۆت بوو بە سەد دەرد
لە گریەی دەروون ھەناسانی سەرد
گوڵی مەھجەبین

پەراوێز edit