شاعیر: لوتفی کتێب: دیوانی لوتفی سەرناو: دیسان چ ڕۆژە لە دەورانی من سەبارەت: گوڵی مەھجەبین دیسان چ ڕۆژە لە دەورانی من ئەشک بە خوڕ دێ لە چاوانی من دیسان لەبەرچی دڵم پڕ دەردە ئاھی دەروونم ھەناسەم سەردە دیسان گیراوە شەش دەری نەردم دیسان گیرۆدەی ھەزاران دەردم دیسان چ باسە و چیم لێ قەوماوە بەندی جەرگی من لەت لەت کراوە دیسان لە جەورە دڵەی پڕ دەردم بۆ ئێش و خەفەت بۆ ڕەنگی زەردم دیسان ھەورەکەی میحنەت بەبای غەم باری بە سەرما مەینەت و ماتەم دیسان لێم بۆتە منداڵی شیر خۆر ورک ئەگری لێم ڕۆژێ بە سەد جۆر دیسان ئاوارەی دەشت و چیا بم لە شین و زاری لە واوەیلا بم دیسان باری غەم کەوتە سەر شانم کولاوە ڕامی دڵەی بوریانم دیسان زامەکەی کۆنم ھاتە سۆ بۆ بەدی بەختم کەوتە ھات و چۆ دیسان گیرۆدەی عەشقی لەیلا بوو دووچاری ھەزار دەرد و بەڵا بوو دیسان ڕووی کردە ھەردە و کۆھەسار مات و پەشێوە لە دووری دڵدار دیسان چاوی کەوت بە گوڵی مەھجەبین کەوتە زایەڵە و ھاوار و ناڵین ڕووی ڕووناکی یار کە لێی بەدەر کەوت بڵێسەی ھەڵسا وەک ئاگر و نەوت بە تیری ئەبرۆی دولبەری خوێن خوار زامم ھاتە ئێش وەکوو گەستەی مار بە داوی زولفی شیرینی زەمان دەست و پێ و عەقڵ گشت لە کۆت دران لوتفی باڵای یار بۆت بوو بە سەد دەرد لە گریەی دەروون ھەناسانی سەرد ++++++++++++++++++++++