ئاڵەکۆک

لوتفی add_a_photo
لوتفی دیوانی لوتفی
٧٩. دڵە شیوەن کە کارت تەواوە
دڵە شیوەن کە کارت تەواوە
ڕەگی حەیاتت وا بەدەم باوە
خەرمانی عومرت ھەڵگرت تەواوی
ھەڵسە وەکوو مەرد ئەوەی کە ماوە
ئیتر دڵ مەدە بە ئیشی دونیا
تازە لە دەس چوو زۆرت نەماوە
ڕەونەقی چاوم تەم و تۆز ئەکا
دەماری گیانم سیس و ژاکاوە
خۆمیش ھەمیشە بێزارم لە خۆم
دەردی بێ دەرمان دەوری لێم داوە
کەوتۆتە پێشم بەحرێکی بێ پەی
ھەزاران وەک من تێدا خنکاوە
ھەر خۆم ماڵ کاول لەم داری دونیا
دوو لام لە کیس چوو دڵ خەریک ماوە
ئیمڕۆ دوا ڕۆژی ژینی دونیامە
کونجی گۆڕستان بۆم دانراوە
دەرد و مەرارەت جوملە بۆ من بوو
بۆیە وجوودم زەرد ھەڵگەڕاوە
بارم گرانە ڕێگەم زۆر دوورە
دڵ لە حەسرەتا شووشەی شکاوە
خواردنم ژارە، خەونم گریانە
نازانم چۆنم چیم لەبار ماوە
دەفتەرم سیاھ، گوناھم زۆرە
خودا خۆی دەلیل ھەموو داماوە
منیش پەشیمان بێ چارە و بیرم
ڕووی بێ دەستی خۆم بۆ تۆ ھێناوە
ڕەحمێ کە لە حاڵ بەندەی بارگران
ڕزگارم بکەی ڕۆژی جەزاوە
لوتفی غەم مەخۆ ڕەسوولی جیھان،
مژدەی بە ڕجا بۆ ئالی داوە
ھەڵسە وەکوو مەرد

پەراوێز edit