ئاڵەکۆک

لوتفی add_a_photo
لوتفی دیوانی لوتفی
٧٨. دڵە شیوەن کە شین بۆ تۆ چاکە
دڵە شیوەن کە شین بۆ تۆ چاکە
ھاوڕێکانی تۆ دیلی ژێر خاکە
قەت دامەنیشە غافڵ بێ خەبەر
کاتێ لە ناکاو مەرگت دێتە سەر
خۆت موھەیا کە حازر بە دائیم
بۆ وەامی خۆت پشت بەستە قایم
خەریکی فیکر و زیکری خودا بە
لە کردەی خراپ دڵ تەوەلا بە
زیکری خودا کە ھەتا ئەتوانی
لە دەس تۆ دەرچوو ئەم دونیای فانی
پەشیمان بە تۆ لە کاری خراپ
بگرە ڕێگەی ڕاست ڕەسوول و ئەسحاب
پەیڕەوی ڕێگەی خاسانی خوا کە
بە دڵ بۆ ئیمان تۆ تەمەنا کە
ئەگەر بێ تەوبە نەکەی لە گوناھ
مەعلووم ڕوو زەردی بێ پشت و پەناھ
ئەڵێی ھەی ھاوار ماڵی وێرانم
لە کرداری کۆن زۆر پەشیمانم
لوتفی بەسیەتی گریان و ھاوار
ڕوو بکە دەرگای زاتی کردگار

پەراوێز edit