ئاڵەکۆک

لوتفی add_a_photo
لوتفی دیوانی لوتفی
٧٧. دڵە شیوەن کە شین بکەرە بەر
دڵە شیوەن کە شین بکەرە بەر
خۆت بکە بە خاک، خاک بکە بە سەر
بۆ خۆت بناڵە ھەتاکوو ماوی
لە ماڵ و چۆڵ لە دەشت و لە دەر
بگریە بۆ خۆت دونیات لە دەس چوو
کاتی مردن ھات وای أينَ المَفَر
نازانی داوی مەرگت چ جۆرە
وەک تەیری ھەژار لە داو بێ خەبەر
ئایە بە سووتان وەیا خۆ خنکان
وەیا بە ناحەق کوژراوی بێ سەر
ئەبێ ھەر بڕۆی چارت نا چارە
تەمەنی جوانی ئەوا چووە سەر
ئەمجا بە ڕاستی ڕوو بکە خودا
ھاوار کە دەخیل خالقی ئەکبەر
جێی ھانا و ھاوار لە ھەر دوو دونیا
بە ڕاستی ھەر تۆی بینای دادگەر
ڕۆژ و شەو بە تاو مردن دێ بۆ لام
یەکجار ئەترسم لە ڕێی پڕ خەتەر
تازە من چی بکەم چیم دەسەڵاتە
پەنا بە دەرگای سەییدی سەروەر
ئەژنۆم شکاوە لە ژێر باری غەم
لە ترس و دەھشەت لە ڕۆژی مەحشەر
لە پرسیاری حەق وەڵامم چییە
ھەر خۆت عالیمی لە حاڵی بەشەر
نەمامی تەوبە لە دڵ بڕوێنە
بە ناوی خودای گەورە دێتە بەر
لوتفی ئەزانی بارت گرانە
حوببی دونیایی لە دڵ دەر کە دەر

پەراوێز edit