ئاڵەکۆک

لوتفی add_a_photo
لوتفی دیوانی لوتفی
٧٥. دڵە تۆ دائیم بۆچ وا غەمباری
دڵە تۆ دائیم بۆچ وا غەمباری
پڕ ئێش و ئازار زۆر بێ قەراری
دڵە بۆ دائیم غەم میوانتە
باری دەرد و غەم لەسەر شانتە
دڵە بۆ دائیم چاو لە گریانی
داێیم زویر و حاڵ پەرێشانی
دڵە بۆ دائیم سەر لێ شێواوی
وەک تەیری زامار واشە لێ داوی
دڵە بۆچ ئەوەن مات و زەبوونی
وەک داری سەر یاڵ دائیم ھەر توونی
دڵە نازانی دونیا فانییە
ھەرچی کە ڕۆیی ھاتنەوەی نییە
دڵە نازانی دونیا بەتاڵە
پڕ وەسوەسە و غەم وەھم و خەیاڵە
دڵە نازانی ھەزاران وەک توو
لە بەحری غەمدا ھەمووی نوقم بوو
دڵە نازانی ھاوڕێی تۆ زۆرە
دووچاری دەردن ھەموو بەم جۆرە
دڵە نازانی سەیری دونیا کە
سەیری میحنەت و دەرد و بەڵا کە
یەکێ ڕەزیلی ژێر دەستی نەبوون
یەکێ تەنگە تاو لەسەر دونیای دوون
یەکێ بێ دەستە، یەکێ بێ پایە
یەک غەرقی بەحری نیعمەتی خوایە
یەکێ بێ چاوە، یەکێ بێ ماڵە
یەکێ ئیشی وەک دووکان بەقاڵە
یەکێ بێ دەرپێ، یەک بێ کەوایە
یەکێ گیانی خۆی لەلا بەڵایە
یەکێ بێ پارە، یەک بێ کراسە
یەکێ عاقڵە، یەکێ کەساسە
یەکێ کەوتووە لە دووری وڵات
حاڵی پەرێشان دڵ پڕ لە ئاوات
ھەتاکوو بڵێم قەت تەواو نابێ
تەقدیر وەھایە ھەر ئەبێ وا بێ
لوتفی ئەم شیعرە بۆ پیاوی ھیلاک
لێت وەر ناگرێ سەرانسەر بە خاک
دڵ پڕ لە ئاوات

پەراوێز edit