ئاڵەکۆک

لوتفی add_a_photo
لوتفی دیوانی لوتفی
٧٤. دڵە تۆ دائیم بۆچ وا بێ ھۆشی
دڵە تۆ دائیم بۆچ وا بێ ھۆشی
بۆ چی عەوداڵی بۆچ تێ ئەکۆشی
بۆ چی ڕەنگەکەت دائیم وا زەردە
بۆ چی دەروونت وا پڕ لە دەردە
بۆ چی شێواوی بۆچ پەشۆکاوی
وەک گوڵی بێ ئاو ھەڵبزرکاوی
بۆ چی وێڵ بویتە لە دەشت و کۆسار
بۆچ ڕۆژی ڕوونت بۆتە شەوی تار
بۆ چی بۆ تەماع وا ھەر بەتاوی
بۆچ وا گێژ و وێژ شێت و شێواوی
بۆچ سەیرێ ناکەی لە ئەرز و ئاسمان
بۆچ فکرێ ناکەی لە کەون و مەکان
بۆچ ئەوەن خەریک نیعمەتی دونیای
بۆچ ئەوەن موشتاق بازاڕی فەنای
بۆچ ئەوەن ئومێد سەمەری دونیای
بۆچ ئەوەن دائیم لە ڕەج و جەفای
چاوت ھەڵبڕە سەیری دونیا کە
سەیری کردەوەی زاتی خودا کە
ھەرچی کە ھەیە لە زۆر ھەتا کەم
گشتی ڕا ئەکا لە بوون بۆ عەدەم
ھەرچی کۆ ئەکەی بۆ بەجیمانە
حەسرەتە بۆ تۆ ماڵت وێرانە
دڵە سەیری کە ئاساری قەدیم
لەمەو پێش شاھان وزەرا و نەدیم
کوا سەلاحەدین خاوەن ڕوتبە و شان
کوانێ نادر شاھ کوانێ کەریم خان
کوا ئەسەفەندیار چی لێھات ڕوستەم
کوا ئەفراسیاب کوا سفرەی حاتەم
کوانی کەیخوسرەو کوانی کەیقوباد
کوا ناڵەی مەجنوون کوا سۆزی فەرھاد
کوا جێگە و ڕێگە کوا خان و مانیان
کوانێ خزمەتکار کوا ئاش و نانیان
یەک یەک ئەجەل بە بەر پاڵی دان
بۆ ژێر ئەم خاکە ڕەوانە کران
غەم و خەفەتی زۆریان جێماوە
لە ھەر دوو دونیا ماڵیان ڕووخاوە
ھەتا ھەژاری فیکری خوات زۆرە
لەبەر کە کەوا ڕەشە یا بۆرە
نانت گەر وشکە و ئەگەر شۆربایە
ئەمەش چەن ڕۆژە ڕوو لە فەنایە
شوکری خودا کە بە ڕۆژ و بە شەو
بۆ ماڵی دونیا مەکە شین و کەو
لوتفی ڕجا کە ھەتاکوو ماوی
چەندی کرژ ئەکرێ ئەتوو ھەر خاوی
کوا سەلاحەدین

پەراوێز edit