ئاڵەکۆک

لوتفی add_a_photo
لوتفی دیوانی لوتفی
٧٣. دڵە تۆ بۆ چی شێت و شێوای
دڵە تۆ بۆ چی شێت و شێوای
دائیم بێ سەبر و ئارام بڕاوی
دڵە تۆ بۆ چی دائیم خەمباری
بۆچ لە حاڵی خۆت ئەوەن بێزاری
دڵە بۆ شیوەن ئەکەی ڕۆژ و شەو
نە کەیف نە شادی نە خواردن نە خەو
دڵە بۆ ھەر تۆ وا دەردەداری
عومرت تەواو کرد بە خاکەساری
ھاتەوە وەڵام دڵەی پڕ لە دەرد
پەی پەی ھەڵدێنی ھەناسانی سەرد
ئەڵێی من لە داخ کوردی ڕەنج خەسار
ناڵەی دەروونم وەک ھەوری بوھار
شەو ھەتا سەحەر لە شین و زارم
جێی لۆمە و تانەی دۆست و ئەغیارم
ئەم چەن ساڵە ئەم کوردی ھەژار
خەو و خۆراکی بۆتە زەھری مار
ھەردەم گرفتار دەردی ڕۆژگارە
خانەی ئابادی گشت یەختەسارە
سەرلێ شێواوە داماو و زەلیل
ڕوو لە ھەڵدێرە بێ ھاوڕێ و دەلیل
ئەسووڕێتەوە بێ ئیدراک و ھۆش
شەپۆلی پێشووی کردووە فەرامۆش
چەن ئەڵێم ڕۆڵەی کوردم بزانە
بویتە جێی تانەی ئەم سەر جیھانە
ئەڵێی تۆ لاچۆ تەگبیر بۆخۆت کە
لەمەو دوا ئیتر دەمی خۆت کۆت کە
بەسمە وەڵام ئەگەر بفامم
دوایی تێ ئەگەی تۆ لە مەرامم
لوتفی بەس بکە شەرحی بێ سەمەر
ھەر چیت وتووە ئەڕوا بە ھەدەر
نە کەیف نە شادی

پەراوێز edit