ئاڵەکۆک

لوتفی add_a_photo
لوتفی دیوانی لوتفی
٧٢. دڵە بە جووتە دوو میوانت بوو
دڵە بە جووتە دوو میوانت بوو
دوو غەمی گەورە لەسەر شانت بوو
یەکێ ھەژاری دەردی گرانە
دووەم پیرییە دەس لێک بەردانە
نەخێر ھەزارە ئەتوو نازانی
بۆیە ھەمیشە حاڵ پەرێشانی
یەک غەمی ژنە، یەک غەمی مناڵ
ھەڵپەی ئیدارەی ئەم ساڵ بۆ ئەو ساڵ
ڕیش و سەر سپی ددان کەل و وەل
جەستەی لار و خوار وەک دەردی شەلەل
حوکمی چاوەکەم دائیم لە خوارە
ناڵەی دەروون دێ دڵ بێ قەرارە
نە بە شەو خەوتن نە بەڕۆژ گەڕان
دائیم ڕەق و ڕووت وەک داری خەزان
بێ ناز و حورمەت ناو دۆست و ئەحباب
ھەناسەی دەروون قرچەی وەک کەباب
لوتفی غەم مەخۆ دونیا فانییە
ئەم غەمە تەنھا ھەر بۆ تۆ نییە
دوو غەمی گەورە

پەراوێز edit