ئاڵەکۆک

لوتفی add_a_photo
لوتفی دیوانی لوتفی
٧٠. دڵم پڕ لە خەیاڵە خودا ھاوار لەم حاڵە
دڵم پڕ لە خەیاڵە خودا ھاوار لەم حاڵە
عالەم سرەوتی نییە لەتاو ئەم ئاھ و ناڵە
ناڵەی منە لە تاوی وەکوو بازە دوو چاوی
یاخوا ھیچ کەس وەکوو من نەکەوێتە نێو داوی
ئەوداوەی ئەو دایناوە بە خۆی لە ھەر دوو لاوە
بێ غەم لە دەردی خەڵکی کە ماوەیان نەماوە
چۆن نەبم من بەزووخاڵ لە حەسرەت دووچاوی کاڵ
شەرتە داخی باڵای نەمەوێ من موڵک و ماڵ
ڕوومەت گوڵ و گوڵزارە قامەتی وەک چنارە
عەجایب جووتە سێوە نەسبە لە قەد ئەو دارە
نەم دیوە ئەو سێوانە بە موڵکی دڵ ھەرزانە
قیمەتی کوا لە ئەسڵا ئەو موڵکی خوراسانە
لێوی چەن جوان و ئاڵە کوڵمی پڕ وردە خاڵە
عەجەب شۆخ و نەجیبە گەرچی ھێشتا منداڵە
بردوویە عەقڵ و ھۆشم بۆیە دڵ بە پەرۆشم
کاتێ کە چاو ھەڵدێنێ بە بێ مەی من سەرخۆشم
ددان ئەڵێی مەرجانە برۆی وەکوو کەوانە
لوتفی چیت لە دڵداری دانیشە بێ دەخلانە

پەراوێز edit