ئاڵەکۆک

لوتفی add_a_photo
لوتفی دیوانی لوتفی
٦٩. دڵم پڕ بوە لە غەمی دونیا
دڵم پڕ بوە لە غەمی دونیا
سەر خۆش ئەگەڕێم لە دەشت و چیا
نازانم بۆ چی وا بێ خەبەرم
بێ عەقڵ و بێ ھۆش ھەی خاک بەسەرم
ھەر من بە تەنھا وا پەریشانم
یا عالەم وەیە و ئەمن نازانم
عالەم خەوتووە کەس نییە بێدار
بێ ھۆش لە ئەمری زاتی کردگار
دائیم خەریکن بە ئیشی دونیا
لە جووت و درە و گێرە و شەنەبا
ئیشی دەشت و شار خزمەت گا و کەر
عومری ناعەزیز ئەوا چووە سەر
چۆن لە ڕووتان دێ کە بچنە مەیدان
گفت و گۆ بکەن لەبەر پای دیوان
دەفتەری ئەعماڵ ھەردوو بە جووتە
سەیئات پڕ خەت حەسەنات ڕووتە
سوئی زەن واقیع یەکجار خراپە
بەڵام لە داخان جەرگم کەبابە
من جومڵە زۆر کەس بۆ تەماع دنیا
یەک بۆ یەکتری بیری لێ ئەدا
چەندی خەلیفە و چەن چەن دەروێش چاک
بە ڕۆژ لە ئەرزدا بە شەو لە ئەفلاک
بە ڕیشی سپی و مێزەرەی بەیزا
لەبەر دەس (لادین) کەوتنە سەما
گشت بۆ شاھیدی وەک تیغی دەبان
لە پێش ئەسحابە ئەیان کرد جەولان
وەستاون تەمام عمووم بە قەتار
لەبەر دەس حاکم ئەکەن ئینتیزار
یەک ئەڵێ حاکم دەخیل ئەمانت
من قسە ناکەم خۆت و ویژدانت
یەک ئەڵێ حاکم من زۆر فەقیرم
ئەم عەردە ئیرسە بۆم لە باپیرم
یەک ئەڵێی حاکم قسە بێ سوودە
شاھید عەردی من دەروێش مەحموودە
وای دەروێش مەحموود دەخیلە ئامان
خۆت و یەکێ بووی لە ئەولیاکان
ڕاست بڵێی خودا زۆری پێ خۆشە
ھەرچی ئەزانی ھیچ دای مەپۆشە
وازم لێ بێنە بەرۆکم بەردە
ئەم عەردە عەردی ساڵحە کوردە
ھیچ ھی تۆ نییە من خۆم بە تەمام
شاھیدی بدەم بۆ قالەی زاوام
کوردە کوردینە مەکەن ئەمحاڵە
ئەم عەقڵە غایەت عەقڵی بەتاڵە
عەزیزی خوا کەس نایکا زەلیل
زەلیلی خوایش کەس نایکا جەلیل
ھەر من بزانم چەن خاوەن ئەملاک
عموومی فەوتا گشت چوونە ژێر خاک
ھی وەک ئەسکەندەر وەکوو سڵێمان
وەکوو کەیکاووس ھەم نووشیروان
ھی وەکوو دارا وەکوو کەیخوسرەو
کوا ئەفراسیاب کوا زاڵ پێش ڕەو
ئەمانە ھەموو سەرپاکیان فەوتان
تەخت و تاجی وان خوا کردی وێران
فیرعەون و نەمروود شەداد و ھامان
سەبەب بە سەروەت گشت بوون ماڵ وێران
تۆ ئەبێ چی بکەی داماوی ھەژار
خاوەن کەرێک و دوو بزن و دوو کار
فاتە و خاتە دوو مەڕ و گایێ
ئەمانە ھیچن ھیچ بە کار نایێ
عەیبە بۆ ئێوە ئومەتی موختار
بێ دینی مەکەن بۆ جیفەی مردار
کردەوەی چاکە یەک تا بە حەوسەت
جەزای چاکەیە نیعمەتی بەھەشت
لوقمە نانێکە بۆ لات و ھەژار
زۆری لا خۆشە زاتی کردگار
ئەگەر یەک سەعات زاھیر بن زەلیل
چی ماڵتان ھەیە ئەیدەن بە بەرتیل
بەڵام گەر گیسکێ بدەن لە ڕێی خوا
لەو ناوچەیەدا ئەیکەن ئاشکرا
ئەوەنە ئەڵێن گیسکێ زۆر جوانە
تووکەکەی وەکوو ڕەشە ڕێحانە
خۆی قوڵە ھەمس گوێکانی کورتە
چوار پەلی وەکوو کار ئاسکە ڕووتە
تا ئەی شۆنەوە بە ئاوی منەت
بە زایەع ئەڕوا بە بێ بەرەکەت
مزگەوت بێ حەسیر مەلا زۆر ڕووتە
دائیما ئەڵێی سەرە بزووتە
گەر دەستان بڕوا دونیا ئەسێنن
تووی ئاژاوە و نیفاق ئەچێنن
لوتفی کۆتا بێ نەزم و ئەشعارت
بۆ ئیمڕۆ سوودی نییە گوفتارت

پەراوێز edit