ئاڵەکۆک

لوتفی add_a_photo
لوتفی دیوانی لوتفی
٦٧. دڵ لە دووری تۆ شێت و شێواوە
دڵ لە دووری تۆ شێت و شێواوە
خواردنی میحنەت غەم و زووخاوە
لە ڕەشی چاوت ڕەشە بەختی من
وا لە قوڕ دەرچوو تالعی دوژمن
دۆستانم غەم خوار دوژمن شادە
درەختی بەختم زۆر نامورادە
ئەوەن ڕەنجم دا لە دونیای ڕۆشن
قەت نەبوو جارێ فورسەتێک بۆ من
دەستم بگاتە پەنجەی شمشاڵت
بە دڵ بگووشم دوو لێوی کاڵت
بە وەسڵت شاد بم یاری شیرینم
بێ بە شیفای زام و برینم
دەردی دووری تۆ لە دڵم دایە
گیانی شیرینم لا وەک بەڵایە
یەک دیدەنی تۆ کاری کرد لە دڵ
دەر ناچێ تازە ھەتا ڕۆژی گڵ
ئەی شۆخی شیرین ئەی گوڵی کوێستان
لە پەری جوانتر ئاسکەی بیابان
سووری ڕوومەتت شێواوی کردم
لە حەسرەت باڵات ئەوا من مردم
ئیشارەی چاوت وا جەرگی بڕیم
جل و بەرگی خۆم ھەموو دادڕیم
گەردنی زەردت ڕووی وا زەرد کردم
لە ناو عالەم دا چۆن ئابڕووی بردم
ئەی پەری ڕوخسار باڵا نەونەمام
لە کونجی حەسرەت بە تاک و تەنیام
ھەر چاوەڕوانم بە ڕۆژ و بە شەو
لە دووری باڵات دەکەم شین و کەو
لوتفی چاوەڕێی چی ئەکەی ھەژار
بێ سوودە ناڵەت بەس بکە ھاوار
درەختی بەختم

پەراوێز edit