ئاڵەکۆک

لوتفی add_a_photo
لوتفی دیوانی لوتفی
٦٦. دڵ لە داخی جەوری دونیا پڕ لە ئازار و غەمە
دڵ لە داخی جەوری دونیا پڕ لە ئازار و غەمە
ئەشکی چاوانم بە خوڕ دێ ھەر وەکوو سەیلی چەمە
سەیری ڕووی دونیا ئەکەم گەرچی لەلای عالەم ڕووناک
وەک تری گەر سەیری ئەکەی تۆ وا لەبەر چاوم تەمە
ھەر بناڵم من بە دائیم قوڕ بەسەر خۆمدا بکەم
دەرحەقی بەختی بەد و یا تالعی ڕەش ھەر کەمە
توولی عومرم ڕابوارد گشتی غەم و دەرد و خەفەت
ھیچ سەرم خاڵی نەبوو لە موسیبەت و سەدەمە
لازمە ئەمجارە من سەر ھەڵگرم بۆ خۆم بڕۆم
بەڵکوو ڕەحمێ کا خوداوەند ھەر ئەوی جێی کەرەمە
نامەوێ لیباسی چاک و خواردن و تەعمی لەزیز
چونکە لەو ڕۆژەی کە بوومە بەرگی من ھەر ماتەمە
گلەیی بۆ چی ئەکەی لوتفی لەتەقدیری خودا
شوکری زاتی حەق بکە بۆ دەردی دڵ وەک مەرھەمە
١٩٥٠

پەراوێز edit