دڵ ئیمرۆ ئەکا یادی شاعیران
شاعیرانی کورد مەردانی زەمان
یەکەم شێخ مەعرووف ئەولادی حەیدەر
قوتبی زەمان بوو زاتی مونەوەر
پاشان جزیری و ئەحمەدی خانی
شیعریان بە نرخە وەک ھی قائانی
یەک بابا تاھیر مەشھوور بە عوریان
سەرقافڵەی ھەموو شوعەرای کوردان
شیعری گشت پەند و ئامۆژگارییە
من بڵێم یان نا بەرزە و دیارییە
مەلای باتەیی و ھەم فەقێ تەیران
ناوییان ئەمێنێ تا ئاخر زەمان
بەیتیان زۆر جوانە وەک خونچەی بوھار
مایەی شانازین بۆ کوردی ھەژار
عەلی ھەریری لەگەڵ بەردەشان
شاعیری چاک بوون لە دەوری خۆیان
مەعرووف ڕەسافی لەگەڵ زەھاوی
خۆ بە من وەسفیان ناکرێ تەواوی
مەولانا خالید شای نەقشبەندی
شیعری ئەو تاکە ناو شیعری کوردی
شێخ عەبدورەحمان تەخەللوس خالیس
مورشیدی کامیل گوڵی مەجالیس
یەک مەلا عومەر ڕەنجووری مەشھوور
لای گشت دیارە لە خوار و لە ژوور
ھەم عەبدوڵڵا بەگ مەشھور بە ئەدەب
بەیتی شیرینە ھەروەکوو ڕوتەب
کوا ئەحمەدی کۆڕ عەشقی پیرۆزی
گشت موناجاتە شیعری پڕسۆزی
داخی دەروونم بۆ مەلای کۆیی
بۆ دین قەڵا بوو لە دەستمان ڕۆیی
مەلا خدر ناو نالی شارەزوور
فەخرە بۆ کوردان ھەتا نەفخی سوور
شیعری وەک شیعری حافز و خەیام
پڕ ڕەمز و مەعنا شیرین و بەتام
یەک شێخ محەمەد بە مەحوی ناودار
مانەندی کەم بوو لە ڕووی ڕۆژگار
خۆ مەدحی سافی قەت تەواو نابێ
ھەزار دەفتەر و قەڵەمت لا بێ
غەزەلی خەیلی خۆش و ڕەوانە
لای شوعەرای کورد تەواو عەیانە
یەک میرزا ڕەحیم یەعنی وەفایی
ھەم پیاوی دین بوو مەردی دونیایی
کوا حاجی قادر خەمخۆری کوردان
گەلێ ھەوڵی دا وەک مەردی مەیدان
کوا سۆزی حەریق، کوا بێسارانی
کوانی مەولەوی مەردی نوورانی
یەک مستەفا بەگ مەشھوور بە کوردی
جەنابی سالم، ھەم لەگەڵ حەمدی
ئەم سیانە نەوەی ساحێب قڕانن
بناغەی شیعری کوردی سۆرانن
ئەختەر و کەیفی مانەندیان کەم بوو
ئوستادی شیعر و غەزەل بوون ھەردوو
یەک مەلا مەحموود بە بێخود ناسراو
فەیلەسووفێ بوو زۆر بەرز و تەواو
شێخ نەجمەدین و مەلای جەباری
ئەشعارییان جوانە پڕ وردەکاری
کوانی ئەسیری خۆش نوتق و گوفتار
شیعری ھەروەکوو تیغی جەوھەردار
یەک عەلی باپیر لەقەب کەمالی
دونیای پڕ کردووە شیعر و مەقالی
کوا کاکە حەمە مەشھوور بە ناری
کەلامی ھەروەک دانەی مرواری
یەکێ پیرەمێرد، مەردی مەیدان بوو
قەڵەمی دەستی چرای کوردان بوو
یەک مەلا قانع، شاعیرێ زانا
بۆ بەرزیی وەتەن زۆر شیعری دانا
یەکێ تاھیربەگ سەروەری جافان
غەزەلی بەتام زۆر ڕێک و ڕوان
داختی دەروونم بۆ ئەحمەد موختار
شاعیرێ چاک بوو مەردێکی نامدار
بەبێ کەس کوژرا لە ئاوی سیروان
کوژراوە چرای جافەتی و گۆران
لوتفی چرای تۆش ھەر ئەکوژێتەوە
ڕۆژێ دێ ناوت ئەسڕرێتەوە