ئاڵەکۆک

لوتفی add_a_photo
لوتفی دیوانی لوتفی
٦١. داخ لەدەس ئەھلی ئەم دەور و چەرخە
داخ لەدەس ئەھلی ئەم دەور و چەرخە
کە پیاوی ھۆشمەند ئیمرۆ بێ نرخە
ئینسانی ڕاستگۆ ئیمرۆ بەدحاڵە
خەو و خۆراکی وەک زەھری تاڵە
فێڵ و دەس بڕین درۆ و چاو و ڕاو
پەرەی سەندووە ئیمرۆکە تەواو
ئەھلی ئەم عەسرە زۆری بێ بارە
کاتی تەنگانە ھەر وەک ئەغیارە
کە ئیشی پێت بوو ئەبێتە برات
ڕۆژی سەد کەڕەت دێتە خاک و پات
بە زمانی لووس قسەی زۆر شیرین
بەرەو پیرت دێت دەم بە پێکەنین
تاکوو ئیشەکەی بە ئەنجام ئەگات
ئیتر ناپرسێ و ڕوو ناکاتە لات
زۆر کەس ئەبینی لە ئینسانی وا
دوورە لە چاکە و لە کردەی ڕەوا
دوورە لە فەزڵ و ئەخلاق و ھونەر
وەک داری بێ بەر، بێ میوە و سەمەر
ئەم جۆرە کەسە بێ ڕێز و قەدرن
موبتەلای خەمن ھەتاکوو دەمرن
لوتفی ھەر ڕاستی ڕێگەی نەجاتە
بۆ دونیا و عوقبا پشت و پەنایە

پەراوێز edit