شاعیر: لوتفی کتێب: دیوانی لوتفی سەرناو: داخ لەدەس ئەھلی ئەم دەور و چەرخە داخ لەدەس ئەھلی ئەم دەور و چەرخە کە پیاوی ھۆشمەند ئیمرۆ بێ نرخە ئینسانی ڕاستگۆ ئیمرۆ بەدحاڵە خەو و خۆراکی وەک زەھری تاڵە فێڵ و دەس بڕین درۆ و چاو و ڕاو پەرەی سەندووە ئیمرۆکە تەواو ئەھلی ئەم عەسرە زۆری بێ بارە کاتی تەنگانە ھەر وەک ئەغیارە کە ئیشی پێت بوو ئەبێتە برات ڕۆژی سەد کەڕەت دێتە خاک و پات بە زمانی لووس قسەی زۆر شیرین بەرەو پیرت دێت دەم بە پێکەنین تاکوو ئیشەکەی بە ئەنجام ئەگات ئیتر ناپرسێ و ڕوو ناکاتە لات زۆر کەس ئەبینی لە ئینسانی وا دوورە لە چاکە و لە کردەی ڕەوا دوورە لە فەزڵ و ئەخلاق و ھونەر وەک داری بێ بەر، بێ میوە و سەمەر ئەم جۆرە کەسە بێ ڕێز و قەدرن موبتەلای خەمن ھەتاکوو دەمرن لوتفی ھەر ڕاستی ڕێگەی نەجاتە بۆ دونیا و عوقبا پشت و پەنایە ++++++++++++++++++++++