ئەرێ برادەر ئەپرسی حاڵم
وەک تەیری زامار شکەستە باڵم
عاجز و پەشێو داماو و غەمبار
مردن لام خۆشە لە ژینم بێزار
ڕۆژ و شەو دائیم وام لە مەینەتدا
لە ژێر باری غەم لە ڕەزالەتدا
فرمێسکی چاوم وەک جۆگەی ڕەوان
ئەبارێتە سەر ئەم دڵەی بوریان
غەم لە ھەر چوار لا دەوری لێ داوم
نەماوە تاقەت توانا و تاوم
عومری پڕ خەفەت ژیانێکی تاڵ
جەرگ و ھەناوم بۆتە کۆی زووخاڵ
مەحرووم و بێ بەش لە پشت و جەرگم
ڕۆژێ ھەزار جار تەمەننای مەرگم
گیرۆدە و زەلیل ژێر باری نەگبەت
ڕۆژێ بە چەن جۆر ئەکەومە زیللەت
سا خودا بەسە ئەی پەروەردگار
لە حاڵی عالەم ھەر تۆی ئاگەدار
قەترەیی ڕەحمەت لە بەحری بێ پەی
بە بەندەی ھەژار سا تۆ عەتا کەی
دەرباز کە لوتفی لە ناو بەحری غەم
با بەس بێ ئیتر ھەناسەی ماتەم