ئاڵەکۆک

لوتفی add_a_photo
لوتفی دیوانی لوتفی
٥١. تووش جیرانی باش سەخی و پاک دین
تووش جیرانی باش سەخی پاک و دین
بۆم ڕەوانە کەی ڕەبەلعالەمین
چەن ساڵە لە داخ چەرخی ڕۆژگار
خوێن لە چاوانم بە تاو دێتە خوار
ڕۆژ و شەو خەفەت وەک تاوی باران
ئەبارێتە سەر ئەم دڵەی بوریان
نە قسەیە خۆش نە فیکرێکی حەق
ناشنەوی لە کەس ئەبەدی موتڵەق
یا باسی عەردە یا مەڕ یا گایە
یا باسی بڕنەو ئەحمەد ئاغایە
یا ژن ھێنانە یا کەر فرۆشتن
یا موشاورەی پارێزی دوژمن
باسی دین ھەرگیز نییە لە بیری
ھەر بۆ سەگییە بیر و تەگبیری
عومری لە دەوری ھەشتا ساڵانە
لە لای خۆی وایە کوڕی ماڵانە
ئەرێ ھۆ کابرای بێ ھۆشی سەر شێت
ڕۆژ و شەو دائیم من وا ئەڵێم پێت
دونیات تەواو کرد ڕوو بکە خودات
تۆزێ بترسە لە ڕۆژی جەزات
ھیچ گوێ ناداتێ بێ غەم و خەیاڵ
ھەڵ ئەستی لەلام ڕوو ئەکاتە ماڵ
ھەرچی من ئەڵێم ھیچ سوودی نییە
دەردی ئەحمەقی ھیچ دەوای نییە
لوتفی با بەس بێ گفت و گۆی خۆڕا
ھەر چیت وتووە بە ھەبا ئەڕوا
١٩٤١
کەرکووک

پەراوێز edit