ئاڵەکۆک

لوتفی add_a_photo
لوتفی دیوانی لوتفی
٥٠. تا بمێنم من بەقوربان سەر فیدای سەر تۆ ئەکەم
تا بمێنم من بەقوربان سەر فیدای سەر تۆ ئەکەم
وەختێ ڕووی تۆم لێ بزر بێ دائیمەن ڕۆڕۆ ئەکەم
گەر بە شەرتێ دەسکەوێ چاوم لە تۆ بێ نانی جۆ
لەززەتی سەر ئەرزی خوا قوربانی نانی جۆ ئەکەم
نامەیەکی دەستی خۆی گەر بۆم بنێرێ یارەکەم
ھەر وەکوو مەجنوون لە کەیفا ڕوو لە شاخ و کۆ ئەکەم
گەر خوا حەز کا ببم بە باخەوان سێو و ھەنار
دائەبەستم کەپری شادی ڕۆژ و شەو ھۆھۆ ئەکەم
دائیمەن من ھەر خەریکی سەیری گوڵزاری ئەبم
خۆشە ئەو جا حاکمی بم حوکمی سەربەخۆ ئەکەم
وا بە خوڕ دێ ئاوی چاوم ھەر لە دووری چاوی کاڵ
عەکسی ئاوی شیوەسوور و جۆیی بەکرەجۆ ئەکەم
نامەوێ دونیا و لەززەت شەرتی شوانیت دەس کەوێ
ھەر وەکوو مووسا منیش ھەشت ساڵ شوانی تۆ ئەکەم
تا بە کەی تۆ ھەر ئەڵێی لوتفی کەس گوێی لێ نییە
تۆزێ فیکرت بێ بڵێ ئەم حاڵەتانە بۆ ئەکەم

پەراوێز edit