ئاڵەکۆک

لوتفی add_a_photo
لوتفی دیوانی لوتفی
٤٩. بەسیە واز بێنە لە کردەی ناشیرین خاوەن کەماڵ
بەسیە واز بێنە لە کردەی ناشیرین خاوەن کەماڵ
تا بە کەی بێ ھەست و ھۆشی وەک مناڵی خوردە ساڵ
موبتەلای دونایی دوونی ڕۆژ و شەو دێی و دەچی
بێ خەبەر ماوی لە ئەمری زاتی پاکی زولجەلال
تۆزێ یادی خوا بکە تا ماوە ژینت خاک بە سەر
دوایی سوودێکی نییە یەک زەڕەیێ سامان و ماڵ
کاتێکت زانی لە ناکاو تووشی داوی مەرگ ئەبی
جێ ئەمێنێ گشت بە جارێ پاشی خۆت ماڵ و مناڵ
گەنجی قاروونت ھەبێ ھێشتاکە داماو و گەدای
گشتی قوربانی سەعاتێ، تاعەت و نانێ حەڵاڵ
ئاگادار بە توێشەی چاکت ھەبێ بۆ ئاخیرەت
نەکەوییە ڕێ بێ زەخیرەی تاعەت و دەستی بەتاڵ
سەروەتی دونیا ئەگەر ھی تۆ بێ جێی شادی نییە
چونکە لەم کەونە ھەموو شت ھەر ئەبێ ڕۆژێ زەواڵ
چاوی غەفڵەت ھەڵبڕە زوو ڕوو کەرە دەرگاھی خودا
ئەم ژیانە فانییە تێپەڕ ئەبێ وەک بای شەماڵ
لوتفی تۆش عومرت بەسەر چوو وای لە دوا قۆناغی ژین
ھەستە خۆت ئامادە کە بەسیە ئیتر فکر و خەیاڵ

پەراوێز edit