ئاڵەکۆک

لوتفی add_a_photo
لوتفی دیوانی لوتفی
٥٢. تیری ئەبرۆی وا لە ناوی جەرگ و دڵدا کاری کرد
تیری ئەبرۆی وا لە ناوی جەرگ و دڵدا کاری کرد
ھەر وەکوو دوژمن لە من دەستی وەشان و غاری کرد
ڕووی لە ماڵی غەیرە کرد و بێ خەبەر لە حاڵی من
شووشەیی دڵمی بەجارێ تووشی سەنگ و خاری کرد
دڵ ڕفێنە چاوەکانی، نیم نیگاھی چەشنی تیر
نیوەیی عالەم لە داخی زوڵمی ئەو فیراری کرد
شەوقی ڕوخساری بە دەر کەوت و ڕووناک بوو موڵکی دڵ
پارچەیی ھەوری غەزەب ھات و بە سەر پێواری کرد
دڵ وەکوو تەیری سولەیمان لێم بزر بوو ھاتەوە
کارتی بەڵقیسی لەلایە ھەر لە دوور ھاواری کرد
چی ئەکەی لوتفی ئەوا چوو و تۆی بە جێ ھێشت و ئەسەف
وەک کەوی وەحشی بەجارێ عەزمی سەر چناری کرد

پەراوێز edit