ئاڵەکۆک

لوتفی add_a_photo
لوتفی دیوانی لوتفی
٤٧. بیستوومە کە غەوغایێ پەیدا بووە لەو لایە
بیستوومە کە غەوغایێ، پەیدا بووە لەو لایە
پرسیم لە موسڵمانێ، چیە ئەم دەنگ و سەدایە
لە ھەر دوو گوێم دێ دەنگی، دەف و تەپڵ و سەڵاوات
شین و گریان و فیغان، ئەڵێی ڕۆژی جەزایە
کە چووم و چاوم پێ کەوت، دووسەد وەجبە مەخلووقات
ھەمووی وا دێ بەڕێدا، بە سواری ھەم بە پایە
ھەندێ بە سواری مایین، بەعزێ ئەسپی لەبندا
بەعزێ سواری نێرەکەر، ھەندێکیشیان بە پایە
یەکێ ھەگبەی لە تەرکی، کا و جۆیی لەناوە
نان و خورمایان پێیە، ئەسپابیان موھەیایە
سەفێکیان شمشێر بەدەس، لە پێشی ئەو عالەمە
بەیداغ بە دەستیان لەگەڵ، ئەڵێی ڕۆژی غەزایە
دەروێشی شێخ حەسەنن پیری قادرکەرەمە
ڕەئیسیان عەبدوولکەریم شێخی دارەخورمایە
تەبلیغ ئەکا بە خەڵکی تەوبە بکەن فرسەتە
دونیا زۆر بێ وەفایە نیعمەتی بێ بەقایە
ھیچ پشتی پێ مەبەستە بەم عومرە کەم و کورتە
پێی خۆشحاڵ مەبە ھەرگیز چونکە ڕوو لە فەنایە
سا خودایە دەخیلە، بە دەرگاھی بەرزی تۆ
تەوبەم لێ قەبووڵ بکەی، یەک جاری ڕووم سیایە
بەسە لوتفی مەگریە! گریانی تۆ بێ سوودە
لەمەودوا سەرفی بکە عومری خۆت لە تەقوایە
لە گوێم دێ
١٩٣٥

پەراوێز edit