ئاڵەکۆک

لوتفی add_a_photo
لوتفی دیوانی لوتفی
٤٦. بۆچ ناپرسی تۆ لە حاڵی دەردم
بۆچ ناپرسی تۆ لە حاڵی دەردم
لە ئەشکی چاو و ھەناسەی سەردم
دڵ بریندارە وەک ھێلانەی ھەنگ
ڕووی ئەرز لە بەر چاو بۆتە شەوەزەنگ
شیوەنی گەورە کەوتۆتە پێشم
ئۆقرەی نییە دڵەی پڕ ئێشم
داییم بێ ئارام وەک شێت و عەبداڵ
لە مەسافەی مانگ بە درێژی ساڵ
ئەسووڕێمەوە ھیچ ھۆشم نییە
خواردن نەماوە ھەم ھۆشم نییە
دەردی بێ دەوا کەوتوەتە سەرم
نازانم ھاوار بۆ لای کێ بەرم
ڕێگەی ڕاستیم بۆ بکا بە دیاری
ڕزگارم ببێ لە خاکەساری
ئاسوودە ببم لە دەردی دونیا
با شیوەن بکەم ھەر خۆم بە تەنھا
خودایە دەخیل لە بەحری کەرەم
قەترەیێ ڕەحمەت بە من کەی کەرەم
کۆگای گوناھم وەک چیا بەرزە
لە تاوا دەروون کەوتووەتە لەرزە
لوتفی مەگریە خودا کەریمە
بۆ ئوممەت ئەحمەد لوتفی عەمیمە

پەراوێز edit