بۆ چی نەگریێم سەر لێ شێواوم
لە بەحری خەمدا گیرۆدە ماوم
ھەرچەن سەیر ئەکەم ھەناسەی دەروون
ئاگر بەر ئەدا لە چەرخی گەردوون
بۆ سەرکری خۆم ڕەزیلی ھۆزم
بۆ میللەتی کورد دەروون پڕسۆزم
ھەموو دەربەدەر بێ جێ و سەرگەردان
وێڵ و بێ مەئوا لە کووچەی شاران
دوژمن وا لەسەر جێگە و مەکانی
خۆیشی وەک مەرگە ژین و ژیانی
منداڵی بێکەس خۆی پەرا گەندە
ڕەنگە زەرد و بێ ناز لێو بە بێ خەندە
پرسیم لە بەرد و داری کوردستان
بۆچ وا پەشێون داماو و حەیران
بۆچ وا مەلوول و حاڵ پەشۆکاون
بۆچ وا ئەسیری کەلەپچە و داون
بۆچ وا گیرۆدەی چەرخی ڕۆژگارن
بۆچ وا بە جاری و لە ژین بێ زارن
بۆچ وا بێ شەوق و زەوق و شێواون
بۆچ وا بێ ھەوەس کز و داماون
گشت ھاتنە گوفتار بەزمانی حاڵ
وەڵامیان داوە بە دەنگی زووڵاڵ
وتیان توو سەرکە ئیمڕۆ حاڵی کورد
گشت پەرێشانە درشت ھەتا ورد
لە کەژ و لە کێو لە دەشت و لە چۆڵ
خوێنی کوردانە تیکەڵ خاک و خۆڵ
دەردی کورد زۆرە نایێتە بەیان
گشت ماتەم زەرد و حاڵی پەرێشان
بۆیە بەم جۆرە ئێمە خەمبارین
لە داخ ئەم دەورە دڵ پڕ لە زارین
پێویستە ئیمرۆ ھەر وەک برا بین
گشت بۆ یەکتری پشت و پەنا بین
لوتفی بەس بڵێ خەستەی ماڵ وێران
بۆ بێکەسی کورد ھەر بکە گریان