با لە داخی چەرخی گەردوون دەس بکەینە شین و زار
زووخی زامی جەرگی خۆم نۆش کەم بناڵم بێ قەرار
قەدر و حورمەت گشتی ھەڵسا عەیب و عارم کەوتە لا
ھەرچی جۆری بێ شەریفە دەوڵەمەند خاوەن دینار
حورمەت و عیلم و زەکات خانەدانی زۆر کیرام
گشتی کەوتە پێچی دیوار عالییە ئەھلی قومار
پارە ناکا عەقڵی کۆنە ئیمڕۆ ڕۆژی مۆدەیە
ھەر شتێ ئێمە بڵێین بێ ڕەغبەتە بێ ئیعتیبار
ئەم نەوعە ئیشەی کە ئێمە زۆر بە عەیبەی تێ ئەگەین
لای عەیامی عەسری تازە بۆتە جێگەی ئیفتیخار
حوببی دین و مەزھەب و مزگەوت و ڕەحمی ئەقرەبا
گشتی یەک پارچە بە جارێ ڕووی کردە توڕەی دینار
چەن پیاوی خانەدانی ناو عەشیرەت وەک چرا
تێکەڵی گورگ و چەقەڵ ئوممێدی لاکی دەردەدار
سەد عوبەییە وا لەژێر باری گران شانی ڕزا
تۆ وەرە سەیری کەریش کە وا لەناو بەزمی بەھار
لوتفی چارەت ھەر کنارە بەس بکە شەرحی ھەبا
سەد ھەزارانی وەکوو تۆ کەوتووە بە غەمگوسار