بارم گرانە قوناغم دوورە
بێ کەس و بێ دەس کارم زەروورە
دەخیل بە دەرگات پادشای جیھان
قەترەی ڕەحمەت بۆ من کەی ڕەوان
لە کونجی بێکەس تاریکی مەزار
لە حاڵی عالەم ھەر تۆی ئاگەدار
ڕەبی بۆ خاتری ڕەسوولی سەروەر
ھەم بۆ خاتری ئەنبیاکان یەک سەر
ھەم بۆ خاتری ئەولیای کیرام
لە خۆشەویست و لە خاس و لە عام
دڵۆپێ ڕەحمەت لە بەحری ڕەحمان
ببەخشە یاڕەب بە دڵەی بوریان
تا کەی جورعەی جام مەینەت بنۆشم
تا کەی بەرگ سیای ئەزیزت پۆشم
تا کەی گرفتار دەردی غەریبی
تا کەی دەردەدار بەبێ تەبیبی
تا کەی ھەر بە غەم ڕۆژگار بەرمە سەر
تا کەی شەرابم لە خوێنی جگەر
تا کەی بە سۆ بێ زامی دەروونم
تا کەی دڵ زامار دیدە پڕ خوونم
تا کەی حاڵ پەشێو زار و زویر بم
لەناو سوپای غەم تا کەی ئەسیر بم
تا کەی دڵەکەم پڕ لە خەیاڵ بێ
خەیاڵی لە لای وێرانە ماڵ بێ
ھاوارە بۆ خۆم ھاوار سەد ھاوار
بێ خەبەر لە حاڵ دڵەی بریندار
بێ ئاگا لە خۆم بۆ حاڵی دەردم
بۆ گریە و زاری ھەناسەی سەردم
لوتفی بناڵە بۆ ڕۆژی مردن
بۆ کزەی دەروون لە دونیای ڕۆشن